Kurdnation
Kurdnation
February 24, 2025 at 11:31 AM
ئاگادارییەک بۆ گشت ئەندامانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و ڕای گشتی: هێما نەتەوەییەکانی نەتەوەکەمان هێڵی سوورن و نابێ ببەزێندرێن، بێڕێزی کردن بە شەهیدان و گیانبەختکردوانی کوردستان، کاری دوژمن و نەیارانی کوردە. لە ئاستی هەموو جیهاندا و بەتایبەتی بۆ ئەم نەتەوانەی لە خەبات و تێکۆشان دان لە پێناوی ئازادیدا، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان" فەیسبووک،ئینستاگرام،تێلگرام،ئیکس،کلابهاوس و ..." دەتوانن کەرەستەیەکی باش بن بۆ ڕێکخستن و لێک گرێدانەوەی خەباتی ناوخۆ و دیاسپۆرای کوردستان، نەوەک مەیدانی بێڕێزیکردن بە هێما نەتەوەییەکان. پێویستە لەو دەرفەتەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕەخساندوویانە بە ڕێز و هۆشیاریەوە کەڵک وەرگرین و وەک چەک بەرانبەر بە دوژمن و نەیارانی خاک و نەتەوەی کوردستان و هەموو ئەوانە بە کاریان بێنین کە خاک و نیشتمانی کوردستانیان داگیرکردووە. ئێمە وەک نەتەوەی کورد یەک دوژمنمان هەیە و ئەویش داگیرکەرانی کوردستانن"ڕژیمەکانی ئیران، تورکیە، سوریە و عێڕاق"نە هیچ حیزب و لایەنێک. داوا لە ئەندامانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان دەکەین: - نەکەونە داوی کەسانی بێڕێز و بێ پرەنسیپ کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئاگا یا نائاگا لە خزمەت سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان دان و کاریان بۆتە جوێن فرۆشتن، بێڕێزی و دووبەرەکی نانەوە . - هەر کات لە لایەن کەس یان کەسانێکی جوێن فرۆش، کەوتنە بەر هێرشکردن، بە هیچ بیانوویەک مافی ئەوەتان پێنادرێ کە زمانی زبر و توند و تیژ بە کار بێنن، زمانی سەربەخۆییخوازان و کەسانی ناسیۆنالیسمی کورد، بەرانبەر بە هەموو تاکێکی کوردستان، زمانی جوێن دان و بێڕێزی کردن نییە. - هەر کات تووشی هەڵە هاتن و زمانی زبرتان بەرانبەر بە کوردێک بە کار هێنا، جیا لەوەی بزووتنەوە لێپێچینەوەی توندتان لە گەلدا دەکا، پێویستە بە خێرایی بە خۆتان دابچنەوە و داوای لێبوردن بکەن. - مەبنە کەرەستە و خۆراکی سیاسەتی ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکی نانەوەی ئەرتەشە سایبریەکانی ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان کە سالەهایە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان کردۆتە مەیدانێک بۆ جێبەجێکردن و داڕشتنەوەی پیلانەکانیان. بەشی تەشکیلاتی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان ٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ی کوردی ٢٤ی فێوریەی ٢٠٢٥ی زایینی https://wp.me/pbbxvC-1fQ
Image from Kurdnation: ئاگادارییەک بۆ گشت ئەندامانی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان و ڕا...

Comments