
پەندومەتەڵ
February 16, 2025 at 11:36 AM
ئاشی فرە خێو ئەوەندە دێنێ
کاکی ئاشەوان خۆی بیقرتێنێ
گەورەیی خەرجی پێویستە مەگری
کێ بانی زۆرە زیاترە بەفری
وەک خۆهەڵکێشان عەیبێکی زلە
بە کروزانەوەش دێتەخوار پلە
بەکەر ناوێرێ زلی بێ هونەر
ڕەپەڕەپ دەکا بە کورتانی کەر
دەزانم لای تۆ ئەم قسە تاڵە
قەباڵە ئەگەر زۆر هات بەتاڵە
هەتا قەباڵەی خوێندەوە، ڕێوی
کەوڵی لە حاجەت خرا لە کێوی
ئەوەی پاشملە شا سەر دەبڕێ
شەرتە ئاشکرا قسەی دەربڕێ
کەو ئەو کەوەیە بەرانبەر بە کەو
بخوێنێ ترس و باکی نەبێ لەو
لە مردن ترسی نییە کوری شێر
هەر بۆ سەربڕین چاکە بەرخی نێر
بەو مەرگە دەڵێن جێژنە پیرۆزە
کە لەگەڵ گەل و ئاواڵ و هۆزە
براگیان هێستا ئەسپ نەکڕاوە
ئاخور هەڵبەستن خەیاڵی خاوە
هەتاکو ماوین هەوڵێ هیممەتێ
من تۆم بۆ چییە لە قیامەتێ
ئەوانەی خاوەن باخ و بێستانن
خەجاڵەتباری چلەی زستانن
گۆشت خۆرن هەموو دەعبای ئەم ناوە
کەچی هەر نێوی گورگ بەدناوە
تو پێت ڕەوا دیم ئەم کارە جوانە
نەقڵی کەڵاشی مام ئاشەوانە
دیارە هەموو کەس خۆشی دەوێ نان
بۆ لە سەردڵی دادەنێ گاوان
قەت لە شوێن چووان نەچێوە چاکە
بەس لێرە و لەوێ کای کۆن بە با کە
پیاو لە دۆستی کۆن نابێ واز بێنێ
ئاو دەڕوا هەر زیخ بەجێ دەمێنێ
ئاو بتبا مەچۆ سەر پردی نامەرد
چش با بخنکێی بە سەد ئێش و دەرد
پەسەندتر بووە چ ئێستا چ زوو
ڕێوی گەریدە لە شێری نووستوو
ژنی ماڵانگەڕ دەکەوێتە سواڵ
پیاوی زگەڕوو قەت نابێ بە ماڵ
وتیان بە گورگ تۆ دەبی بە شوان
دەستی کرد بە قوڕپێوان و گریان
وتیان بۆ دەگری خۆ کەسپی چاکە
وتی دەترسم درۆ بێ کاکە
نەم دیوە ئیشی هێندە ناقۆڵا
بـە سەردڕی خۆی ناقایلە جۆڵا
شوان دەڵێن شوانی پێ ئیفتیخارە
نان چنینەوەی لا عەیب و عارە
هەر کچیک دایک تاریفی دەکا
بۆ خاڵی دەبێ شوو بەوی دەکا
وەهای فەرمووە ڕەسووڵی ئۆمەت:
چوار شت لە چوار شت تێر نابێ قەت قەت
ژن لە مێردی باش، عەرز لە باران
ئینسان لە زانست، چاو لە ڕووی یاران
مانگا با کەڵیش بگرێ بەدزی
ئاشکرا دەزێ بێ دزی و فزی
سێ شت خەم لە دڵ دەردەکەن تەواو
ڕووی شۆخ و شەنگ و شینایی و دەم ئاو
وەک فەرموویانە پیاوانی حاڵی
قەت بۆ گا نابێ گوێلکی خۆماڵی
پەندێکی تریش هەیە لەم بارە
دەڵێن گای جووتی بە گوێلکی دیارە
قەدیمی دەڵێن درشت و وردی
زۆر سەیرە گڵمەت بگری بۆ بەردی
مریشک بۆ خۆی وەسەر نەکا خۆڵ
ناکرێ بە سەریا بە هیچ شان و قۆڵ
لە قەدیمەوە خواوەندی زانا
بو هەر زاڵمێک زەواڵی دانا
لە ئاشی زۆرت پێ چووە لە ڕێ
وەپەلە کەوتووی زوو بگەیتە جێ
لە سوورت دۆڕاند بەخێر نەیەوە
لە کا خەریکی تێی هەڵدێنیەوە