
Tech4Peace تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی
February 19, 2025 at 05:04 PM
عێراق ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی پێ و دەم بووەتەوە لە نێو سامانی ئاژەڵیدا، ئەمەش بووەتە هۆی تۆمارکردنی چەندین تووشبوون لە چەند ناوچەیەک لە پارێزگا جیاوازەکان.
نەخۆشی پێ و دەم چییە؟
نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە بە یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان دادەنرێت کە تووشی ئاژەڵ دەبێت، وەک مانگا و گامێش و مەڕ و بزن. بەهۆی ڤایرۆسی نەخۆشی دەم و پێ (FMDV)ەوە دروست دەبێت.
سروشتی نەخۆشییەکە
ئەم نەخۆشییە بە خێرایی بڵاوبوونەوەی و کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمه ئاژەڵییەکان دەناسرێتەوە، کە دەبێتە هۆی زیانێکی بەرچاوی ئابووری، ڤایرۆسەکە بە بوونی حەوت جۆری سەرەکی دەناسرێتەوە، کە لەڕووی بەرگرییەوە جیاوازن، واتە تووشبوونی ئاژەڵێک بە جۆرێکی بەرگری لە بەرامبەر جۆرەکانی تردا پەیدا ناکات، ئەمەش پرۆسەی خۆپاراستن و کوتانەکەی ئاڵۆزتر دەکات.
ڕێگاکانی گواستنەوەی:
ڤایرۆسەکە بە ئاسانی لە نێوان ئاژەڵە تووشبووەکان و تەندروستەکاندا بە چەند شێوازێک دەگوازرێتەوە، لەوانە:
بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ: لە ڕێگەی لیک و شیر و میز و پیسایی ئاژەڵە تووشبووەکانەوە یاخود هەڵمژینی دڵۆپە لە دەم و لوتی ئاژەڵێکی تووشبوو.
بەرکەوتنی ناڕاستەوخۆ: لە ڕێگەی شتە پیسبووەکانی وەک جلوبەرگ و ئامێرەکانی ئاژەڵ، ئامێری کێڵگە، ئامێری دۆشین یاخود ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ گواستنەوەی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێن.
گواستنەوە لە ڕێگەی هەوا یاخود لە ڕێگەی خۆراک و ئاوی پیسەوە
نیشانەکانی نەخۆشییەکە:
بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی ئاژەڵەکە و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.
کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی شیر لە مانگادا.
دەرکەوتنی زیپکەی پڕ لە شلە لەسەر هەندێک ناوچەی جەستەی ئاژەڵەکە و لیکاوی بوون.
ئاوسانی پێیەکان و دەرکەوتنی برین لە نێوانیان و دابەزینی کێشی.
لە هەندێک حاڵەتدا لەبارچوونی کۆرپەلە.
ئایا مرۆڤ تووش دەکات و لە ڕێگەی گۆشتی تووشبووەوە بۆی دەگوازرێتەوە؟
بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە نەخۆشی پێ و دەم ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەروەها وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، کە "دامەزراوە تەندروستییەکانی سەر بە وەزارەتەکە هیچ تووشبوونێکی مرۆڤیان تۆمار نەکردووە لە ڕابردوو ولە ئێستاشدا".
لای خۆیەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ ڕۆژی سێشەممە لە بارەی خواردنی گۆشت لەژێر ڕۆشنایی تەشەنەسەندنی نەخۆشی پێ و دەم لەنێو ئاژەڵاندا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و جەختیشی لەوە کردەوە کە نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە تەنانەت ئەگەر بەرهەمی ئاژەڵە نەخۆشەکەش بخوات.
ڕوونیشیکردەوە، "نەخۆشی پێ و دەم مرۆڤ تووش ناکات، ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسێکی ئاژەڵییە و تەنها ئاژەڵ تووش دەکات، و ناتوانرێت لەڕێگەی گۆشت یاخوف شیرەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ".
لە ئامارێکی نوێدا وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشییەکانی پێ و دەم گەیشتووەتە سێ هەزار سەر ئاژەڵ و 654 سەر بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پێ و دەم گیانیان لەدەستداوە.
سەرچاوەکان لە ڕێگەی ئەم بەستەرەی خوارەوە:
https://krd.t4p.co/story/2025-02-19-foot-and-mouth-disease

❤️
😢
2