KomalaMedia
KomalaMedia
February 2, 2025 at 08:48 AM
🚩 ماڵئاوایی لە ژیانی کاک خالید پەرتەو پێشمەرگەی دێرین و کادر و ئەندامی دڵسۆزی کۆمەڵە لە شاری بۆکان بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار بووین کە ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕێبەندان، کاک خالید پەرتەو (نارنجی)، پێشمەرگەی دێرین و کادر و ئەندامی دڵسۆزی کۆمەڵە، بەهۆی نەخۆشی دڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد. کاک خالید کەسایەتییەکی ناسراو و خۆشناوی ئاوایی قەرەگوێزی شاری بۆکان بوو. ئەو لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ی جەماوەری خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی، چالاکانە بەشداری کرد و دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و ئاشکرابوونی هەڵسووڕانی کۆمەڵە، پێوەندی بەم ڕێکخراوەیەوە کرد و لە ڕیزی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەدا، وەک لاوێکی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست، درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی خۆیدا و لە ماوەی ژیانی پێشمەرگایەتیدا، لە زۆربەی چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ناوچەی موکریان بەشداری چالاکانەی کرد. کاک خالید دوای وازهێنانی لە پێشمەرگایەتیش، تا دوا ساتەکانی ژیانی، بە ڕێبازی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی کۆمەڵە وەفادار مایەوە، پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵه ڕاگرت و سەربەرزانە ژیا و لەناو خەڵکی بۆکان و دەورووبەر بەتایبەت ئاوایی قەرەگوێز کەسایەتییەکی خۆشناو و خۆشەویست بوو. کاک خالید تێکۆشەرێکی ڕێبازی سۆسیالیستی لە کوردستان بوو و داوای لە ھاوڕێیانی کردبوو کە پاش مەرگ لە ئاڵای سووری وەپێچن و بە سروودی شۆڕشگێڕانە بە خاکی بسپێرن. جێگای ئاماژەیە کە تەرمی کاک خالید ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕێبەندان لە نێو خەم و پەژارەی زۆری بنەماڵە، خزم و دۆستان و جەماوەرێکی زۆری خەڵکی شارەکانی سەقز، ساحیب، بۆکان و ناوچەکە، له ئاوایی قەرەگوێز بەخاک سپێردرا. ئێمەش بەم بۆنەیەوە لە لایەن ھەموو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە، پڕبەدڵ سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵه و کەس و کاری کاک خالید دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان دەزانین. یادی کاک ئازیزی خالید پەرتەو بۆ هەمیشە بەرز و بەڕێزە.

Comments