
KomalaMedia
February 2, 2025 at 07:04 PM
🚩 ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵه له دەرەوەی وڵات به بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕی کەماڵ محەمەدی
بهداخ و پهژارهیهكی زۆرەوە ئاگادار بووین كه هاوڕێ کەماڵ محەمەدی، كادر و پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە و ئەندامی پێشوویی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ماڵئاوایی لە ژیان کرد. هاوڕێ کەماڵ محەمەدی، که بە «میرزا کەماڵبەرقوڕو» ناسراو بوو، دوای ماوهیهك گیرۆدەبوون به نهخۆشی شێرپەنجە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ فێورییهی ٢٠٢٥ له وڵاتی ئاڵمان ماڵئاوایی له ژیان كرد.
هاوڕێ کەماڵ له ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی له گوندی«میانه» سەربە ناوچەیمەریوان له بنەماڵەیەکی هەژاری جوتیاردا له دایك بوو. هەربۆیه ناچاربوو لەسەرەتای تەمەنی منداڵییەوە تامی تاڵی هەژاری بچێژێت و شان بخاته ژێر باریکاری تاقەتپڕوکێن تا بەڵکوو پارووە نانێک بە سفرەی بێ ڕەونەقی بنەماڵه هەژارەکەی زیاد بکات. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هەر لە تەمەنی منداڵی دادایک و خوشکێکی لەدەست دا و بەم شێووەیه ناچار بوو قورساییلەدەستدانی ئازیزانیشی تەحەمول بکات. هاوڕێ کەماڵ کە تەمەنی گەیشته تازه لاوییەتی لەگەڵ پەیوەندییەکانی کۆمەڵگای دەرەبەگایەتی ئەو کات و چەوساندنەوەی جوتیاران لە لایەن دەرەبەگ و ئاغاکانەوە کەوتە کێشە و هەستی دژایەتی لەگەڵ کۆمەڵگای نایەکسان و چینایەتی تێیدا سەری هەڵدا. هەستێک که لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران گەشەی سەند و ئەوی کرد به یەکێک لە هەڵسوڕاوانی ئەو شۆرشە. هەر لەمسەردەمەدا بوو که هاورێ کەماڵ چالاکییەکانی خۆی به کۆمەڵەوە گرێ دا و دواتر بوو بە پێشمەرگەی دڵسۆز و چالاکی کۆمەڵە. له ماوەی هەڵسوڕانی حیزبی خۆیدا، هاوڕێ کەماڵ گەلێک بەرپرسایەتی گرتە ئەستۆ و لەو پەڕی دڵسۆزیدا ئەرکەکانی خۆی ڕادەپەڕاند. کردار و خۆڕەوشتی بەرز، تێکۆشانی دڵسۆزانە و لە خۆبردوویی، هاوڕێ کەماڵی کرد بە یەکێک لە کەسانی جێمتمانەی ڕیزەکانی پێشمەرگە و سیمایەکی جێگا بڕوای کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەی مەریوان.
هاوڕێ کەمال له ساڵی ١٩٩٢ وەک پەنابەری سیاسی چووه وڵاتی ئاڵمان و لەوێش وەک تێكۆشهرێکی ڕێبازی سۆسیالیسم درێژهی به خهبات دا. ئەگەرچی هاوڕێ کەماڵ لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندی ڕێکخراوەیی وەک ئەندام بە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەوە نەمابوو، بەڵام وەک کۆمۆنیستێکی هوشیار و تێکۆشەرێکی ئامانجی سوسیالیسم وەفادار بەو ڕێبازە مایەوە. بهداخهوه لە چەند مانگی ڕابوردوودا هاوڕێ کەماڵ له لایەن پزشکەکانییەوە ئاگارکرایەوە کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە. بەم حاڵەشەوە هاوڕێ کەماڵ ورەی لاواز نەبوو و بهردهوام هەوڵی دەدا به پێی توانا ئاگاداری ڕووداوه سیاسییهكان، چارهنووسی كۆمهڵه و بزووتنهوهی شۆڕشگێڕانه له كوردستان، ئێران و ناوچهكه بێت. شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دڵخۆشیێکی زۆری بەهاوڕێ کەماڵ دابوو تا کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و ستەملێکراو ڕزگاریان بێت و ئاواتەکانیان بێتە دی.
گومان لەوەدا نییە که به مهرگی هاوڕێ کەماڵ محەمەدی كۆمهڵه و بزووتنهوهی شۆڕشگێڕانهی كوردستان یهكێك له وهفادارترین دڵسۆزانی خۆیان له دهستدا.
ئێمە وێڕای ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی هاوڕێ کەماڵ محەمەدی و بەرز ڕاگرتنی یاد و بیرەوەرییەکانی، درێژە بەو ڕێبازە دەدەین کە ئەم هاوڕێیه ئازیزە دڵسۆزانە خەباتی بۆ کرد.
لەلایەن ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، سەرەخۆشی دەکەین لە سەرجەم بنەماڵەی ئازیزی هاوڕێ کەماڵ، بەتایبەت هاوژینی کاک کەماڵ هاوڕێ تەڵا و منداڵەکانیان یادگار، دلێڕ و توماس.
بەرز و بەرێز بێت یادی هاورێ کەماڵ موحەمەدی!
نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات
٢ی فورییەی ٢٠٢۵
