KomalaMedia
KomalaMedia
February 17, 2025 at 09:44 AM
🚩 ڕاگەیەندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە مەحکوم کردنی حوکمی دووبارەی لە سێدارەدان بۆ چالاکوانی کرێکاری شەریفە محەمەدی   ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری زیندانی لە زیندانی لاکانی ڕەشت، دوای ئەوەی حوکمی لەسێدارەدانی لەلایەن دەزگا باڵاکانی دادوەری ئێرانەوە ڕەتکرایەوە، لەلایەن دادگای ڕژێم لەم شارە دووبارە حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. شەریفە محەمەدی لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو دەستگیر کرا و تۆمەتی بێ بنەمای ئەندامێتی لە کۆمەڵەیان بۆ داڕشت. ئەم چالاکوانە کرێکارییە تا ساڵی ١٣٩٢ لە ڕێکخراوی کرێکاری سەربەخۆ، "کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدان بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان"، چالاکی کردووە. بەڵام کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدان بۆ دروستکردنی ڕێکخراوەکرێکارییەکان، ڕێکخراوێکی نافەرمی بە چالاکی ئاشکرا بوو کە ئەندامەکانی لە ڕاستای ئامانجی نووسراو لە پەیڕەوی ناوخۆدا: "پاراستنی مافەکان و بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و مووچەخۆرانی ژێر ستەم، باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانیان، بەدەستهێنانی ئازادییە دیموکراتیکەکان، یەکسانی مافی ژنان و پیاوان، هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان و بە فەرمی ناسینی مافە مرۆییەکانیان و سەرەنجام لەناوبردنی هەموو نایەکسانییە مرۆییەکان و چەوساندنەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ..." چالاکییان کردووە. لە کاتی ڕاگەیاندنی بوونی کۆمیتەی هەماهەنگی لە بەهاری ساڵی ١٣٨٤ تا دوا کۆبوونەوەی لە بەهاری ساڵی ١٣٩١ دەیان ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیان دەستگیر و دادگایی کردووە، بەڵام هیچ دادگایەک، بەڵگەیەکی سەلمێنەری پەیوەندی کۆمیتەی هەماهەنگی بە کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، پێشکەش نەکردووە و تەنها یەکێک لەو تۆمەتانە بووە، کە لەلایەن لێکۆڵەرەوانی ئیتلاعاتەوە بە ئامانجی فشار و پەروەندەسازی بۆ ئەندامی دەستگیرکراو بەکار هێنراوه. ئێمە دەرکردنی دووبارەی ئەم حوکمە دژە مرۆییە بە توندی سەرکۆنەدەکەین. ئێمە داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە کرێکاری، سۆسیالیست، چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی جیهان دەکەین کە لە هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕێکخراوە کرێکارییەکان و هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە هەموو تواناوە دژی ئەم حوکمە ناعادیلانەیە هەنگاو بنێن.   کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) ٢٩ی رێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی #شەریفە_موحەممەدی #شریفە_محمدی #نا_بۆ_ئیعدام #نه_به_اعدام
Image from KomalaMedia: 🚩 ڕاگەیەندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە مەحکوم کردنی حوکمی دووبارەی لە...

Comments