
KomalaMedia
February 22, 2025 at 08:34 AM
🚩 ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز لە گوندی چەشمیەر لە هەورامان
جەژنی نەورۆز لە گوندی چەشمیەر لە کوردستان ڕووداوێکە کە لە نەوە بۆ نەوە بە میرات ماوەتەوە. ئەم جەژنە هەموو ساڵێک لە هەفتەی یەکەمی مانگی ڕەشەمە لە گوندی چەشمیەر بەڕێوە دەچێت. ئەگەرچی بە تێپەڕبوونی ساڵەکان گۆڕانکاری لە فۆرم و پێکهاتەی ئەو جەژنەدا دروست بووە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی لە کۆنەوە تا ئێستا هەمان هەڵپەڕکێ و ئاگر کردنەوە بووە بۆ دەربرینی خۆشی و جەژنی نەورۆز.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە گوندی چەشمیدەر و داب و نەریتی تایبەتی خۆی هەیە کە لە ناوچەکانی تر جیاوازە.
جەژنی نەورۆز لە گوندی چەشمیەر لە ڕوانگەی خەڵکی ناوچەکەوە گرنگی و بەهای کلتووری و کۆمەڵایەتی زۆری هەیە. ئەم ڕێوڕەسمە نەک تەنها بە بۆنەی هاتنی وەرزی بەهار و جەژنی نەورۆز، بەڵکوو وەک هێمایەک بۆ یەکگرتن لەگەڵ ژینگە و ڕۆحی مرۆڤایەتی سەیردەکرێت.
سەرەڕای ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە کات و لە شێوەی بەڕێوەچوونی رێورەسمەکەدا پێکهاتووە، نەورۆز لە ئاوایی چەشمیەر هێشتا وەک یەکێک لە گرنگترین ڕێوڕەسمە ناوچەییەکان دەمێنێتەوە. ئەم ڕێوڕەسمە، نیشاندەری یەکگرتوویی و یەکڕیزی کۆمەڵایەتی خەڵکی ئەم ناوچەیەیە.
لەو کاتەوە کە پیاوان و ژنە بەتەمەنەکانی ئەم ئاوایی لە بیریانە، ڕێوڕەسمی نەورۆز لە چەشمیەر بە شێوەی جیاواز بووە. لەڕابردوودا، پیاوان بەتایبەت گەنجان لە دووی ڕەشەمەوە دەچوونە دەشت و چیا، داری بەڕوویان لەسەر بانەکان کەڵەکە دەکرد و لە ڕۆژی چواری ڕەشەمێدا بە داگیرساندنی ئاگر لەسەر بانەکان، هەموو پێکەوە هەڵدەپەڕین و ئاهەنگیان دەگێڕا. ئەم جەژنە بە بۆنەی چرۆکردنی دارەکان، توانەوەی بەفر لە زنجیرە چیاکان و دەستپێکردنی جووڵەی ئاو بووە و هێشتاش وەک هێمای گۆڕینی ساڵ و دەستپێکی نەورۆز دادەنرێت.
هەڵپەڕکێ و خۆشی خەڵک، جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی ژنان و کچان و سەمای کوردی جوانی جەژنەکە دوو ئەوەندە دەکات. لەم جەژنەدا، بە پیشاندانی جلوبەرگ و مۆدێلی جیاواز، یەکگرتوویی و هاوپشتی خەڵک نیشان دەدرێت. ئەم هەڵپەڕکێ و خۆشییە نیشاندەری یەکێتی و هاودڵییە کە بە گەرم و گورترین شێوە نەمایش دەدرێ.
میوانداری لە میوانانیش بەشێکی گرنگی ئەم جەژنەیە. لە هەر ماڵێکی چەشمیەر دەرگا کراوەیە و خاوەن ماڵەکان بەڕێزەوە ڕاوەستاون و میوانەکان بۆ ماڵەکانیان بانگهێشت دەکەن.
مەشخەڵی ئاگریش بەشێکی سەرنجڕاکێشی ئەم جەژنەیە. لەناوەڕاستی مەیدانی هەڵپەڕکێی پیاوان، گروپێکی ١٢ کەسی پێکهاتوو لە "شەش ژن و شەش پیاو" بە شێوەی نیوە مانگ بەڕیزبەندی ڕەگەز، سەرەتا ژن دواتر پیاو لە دوای یەکتر بە مەشخەڵیکوژاوە، بە مەودای ٥٠ سانتیمەتر لە یەکتر دەوەستن؛ چوار تا پێنج خولەک بە هەلهەلە لە دەوری داری بەڕوو کە بە شێوەی پلیکانەی خانووی ناوچەکانی هەورامان له ناوەڕاستی مەیدانەکە چندراوە، دەسووڕێنەوە.
پیرەمێردێک مەشخەڵەکان ئاگر دەکاتەوە و هەلهەلە و دەنگەدەنگ بەرپا دەبێت. مۆسیقا و دەنگی خۆشی پیاوان و ژنان لە ئاسماندا دەنگ دەداتەوە و ئاگر بڵێسەی بەرز دەبێتەوە.
لە ساڵەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، لەوەی کە ئەم ڕژێمە لەگەڵ هەرشتێک کە نیشانەی خۆشی و شادی خەڵکی پێوە دیار بێت دوژمنایەتی کردووە، بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە هەروەک ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ناوچەکانی تری کوردستان بە کردەوە ڕەنگ و بۆنێکی سیاسی بەخۆیەوە گرتووە. بەکارهێنانی جلوبەرگی سوور و ئاڵ و واڵای ڕەنگاوڕەنگ و جوان کە رێک بە پێچەوانەی فەرهەنگ و نەریتی حکومەتی ئیسلامیه بە کردەوە رەنگ و بۆیەکی سیاسی بە خۆیەوە دەگرێ.
ئەمسالیش ئاوایی چەشمیدەر پێشەنگی دەستپێکردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە هەموو کوردستان دەبێت.
پیروزبێت نەورۆزی چەشمیەر.
بەرەو پیری نەوروزێکی شکۆداری ڕەنگاوڕەنگ لە هەموو کوردستانی سەربەرز