
KomalaMedia
May 23, 2025 at 08:01 PM
🚩 دایکی گیانبەختکردوویکی کۆمەڵە ماڵئاوایی لە ژیان کرد
زۆر بەداخەوە ئاگادار کراین دایە مینا گیوەکەش ناسراو بە مینا واڵێ، خەڵکی ئاوایی ئەوێهەنگی سەر بە شاری سنە و دایکی هاوڕێ مستەفا نەسری گیان بەختکردووی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە لە شاری دەماوەند، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ مستەفا نەسری ناسراو بە مستەفای ئەوێهەنگ، ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی چەکی پڕ لە شانازی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی لە شان کرد و لە گوردانی ئارێز سازمان درا. هاوڕێ مستەفا دوایین ئەرک و چالاکی خۆی کە پەڕاندنەوەی یەکەیەکی هێزی پێشمەرگە لە مەرزی سوورینی بانە بوو بەجێهێنا و بەداخەوە هەر لەو کاتەدا لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی بە هۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراوی ڕژیمی ئێران گیانی بەخت کرد. دایە مینا لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٨ و لە ماوەی تەمەنیدا کەسێکی چاونەترس و جێی متمانەی خەڵکی ئەوێهەنگ و ناوچەکە بوو و تا دوایین هەناسە وەفادار بە ڕێبازی کۆمەڵە مایەوە و زۆر بەداخەوە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی لە شاری تاران بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
جێی ئاماژەیە کە تەرمی ئەو دایکە ئازیزە بەیانی شەممە دەگەڕێندرێتەوە لای خزم و کەسوکاری خۆی و لە ئاوایی ئەوێهەنگ ئەسپەردەی خاک دەکرێت.
لە لایەن هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە، پڕ بە دڵ سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خزم و کەسوکاری دایە مینا و خەڵکی ئاوایی ئەوێهەنگ دەکەین و خۆمان بە شەریکی غەمیان دەزانین.
یادی ئازیزەی دایە مینا بەرز و بەڕێز بێت