KomalaMedia
KomalaMedia
June 12, 2025 at 09:48 AM
❗️ *وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی قەدەغەکردنی کاری منداڵان* ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ژوئێن بەرامبەر بە ٢٢ی جۆزەردان، ڕۆژی جیهانی قەدەغەکردنی کاری منداڵانە. ئەم ڕۆژە ساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کارەوە ناسێندرا. هیچ کات ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی منداڵانی کار لە جیهان لەبەردەستدا نەبووە، چونکە زۆربەی دەوڵەتەکان بەتایبەت لە وڵاتە دواکەوتووەکانی سەرمایەداری، ئامادە نین ئاماری واقیعی لەم بوارەدا بڵاو بکەنەوە. بەپێی ئامارەکانی یونیسێف، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠١٢دا نزیکەی ٢١٥ ملیۆن منداڵی تەمەن پێنج بۆ ١٧ ساڵ، بە حەقدەست یان بەبێ حەقدەست، بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ کاتژمێر لە هەفتەدا کاریان پێکرابوو. لە ئێران ئامارەکانی حکوومەت باس لە نزیکەی ٣ میلیۆن منداڵی کار دەکەن. بەڵام ئامارە نافەرمیەکان ئەم ژمارەیە بە ٧ ملیۆن منداڵ مەزەندە دەکەن. هەرچەند ئەم ئامارانە ناتوانن ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە مەزنە مرۆیایەتیە بە تەواوی نیشان بدەن، بەڵام واقیعیەت ئەوەیە کە تەنانەت بچووکترینی ئەم ژمارانەش، شەرمەزارییەکی ترە بۆ نیزامی سەرمایەداری و برینێکی پڕ ئازارە لەسەر ویژدانی مرۆیایەتی. هەر چەشنە کارێکی پیشەیی زیانبارە بۆ منداڵان، بەڵام هەندێکیان هاوکات مەترسیداریشن. لەو ٢١٥ ملیۆن منداڵی کارەی کە لە ئامارە نادروستەکانی یونیسێفدا هاتووە، ١١٥ ملیۆنیان خەریکی کاری مەترسیدارن. بوارەکانی کاری پیشەیی بۆ منداڵان، هێندەی بوارەکانی کاری بەتەمەنەکان بەربڵاوە و لە کاری ناوماڵ و کێڵگەوە بگرە تا کارکردن لە پیشەسازی و ناوەندەکانی بازرگانی و کانەکان و کاری خزمەتگوزاری، دەگرێتەوە. لە هەموو ئەو بوارانەدا منداڵان وەک کۆیلە بەکاردەهێنرێن. مەترسیدارترین حاڵەتەکان بریتین لە بەکارهێنانی منداڵان لە کاری نیزامی، تاوان یان گەشتیاری سێکسی. نوێترین کارە پیشەیی و چەوسێنەرەکان، لە بەشی پیشەسازیە دیجیتاڵیەکان، یاری کۆمپیوتەریەکان، فیلمی پۆرن و هەندێک لە بەرهەمە سینەماییەکاندا ئەنجام دەدرێت. ورد و درشتی خاوەن سەرمایەکان، لە دوکاندارەکانەوە بگرە تا شیرکەتە زەبەلاحەکان، لە کاری هەرزان و بێسەرئێشەی کچان و کوڕان سوود وەردەگرن. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی جیهانی کار (ئای، ئێڵ، ئۆ)، ساڵانە ٢٢ هەزار منداڵ لە کاتی کارکردن بۆ چەوسێنەراندا، گیان لەدەست دەدەن. کاری منداڵان لە وڵاتە دواکەوتووەکانی سەرمایەداریدا زیاترە لەچاو ئەو وڵاتە پێشکەوتووە پیشەسازیانەی کە تیایاندا کرێکاران و جەماوەری پێشکەوتنخواز، تا ڕادەیەک مرۆیایەتیان بەسەر سەرمایەدار و حکومەتەکانیاندا سەپاندووە. یەکێک لەو ناوچانەی کە منداڵانی کار لەگەڵ زۆرترین چەوسانەوە و بێڕێزی پێکردن بەرەوڕوون، فەلەستینی داگیرکراوە. ئەم منداڵانە ئێستا بەتایبەت لە غەززە، بەهۆی بۆردومان و تۆپباران و نەخۆشی و برسێتی لەڕادەبەدەر، لەگەڵ مەترسی مردن بەرەوڕوون. لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک ئەمریکا، منداڵانی کار زۆرتر منداڵی ئەو کۆچبەر و کرێکارانەن کە هێشتا ئیقامە و مۆڵەتی کاری فەرمیان پێنەدراوە. ئاوارەبوون بەهۆی کارەساتی سروشتی و شەڕەکانیش، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زیادبوونی منداڵانی کار هەبووە. ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە منداڵانی کار تیایدا لەگەڵ بارودۆخێکی کۆیلە ئاسا بەرەوڕوون. دۆخی نالەباری منداڵانی کار لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، وەک کارەساتێکی لێهاتووە. لە ئێران زۆربەی ئەو منداڵانە، کە تەمەنیان لە نێوان پێنج بۆ پانزە ساڵدایە، منداڵی ئەو بنەماڵە کرێکاری و زەحمەتکێشانەن کە بەهۆی هەژاری و بێکاری دایک و باوکیانەوە و هەروەها بەمەبەستی یارمەتیدان بە بژێوی خۆیان و بنەماڵەکانیان، لە بری چوون بۆ قوتابخانە و فێربوونی زانست و بەهرەمەند بوون لە هەلومەرجێکی گونجاو بۆ گەشە و پشکوتنیان، کە مافی سروشتی هەموو منداڵێکە، ناچارن بچنە ژێر باری کاری سەخت و تاقەت پڕوکێن و نەمامی ژیانیان لە ژێر باری ڕەنج و کاردا بژاکێ. ئەوان ناچارن شەو و ڕۆژ لە کارگەکانی فەرشچینین و کارگە بچووکەکان کار بکەن یان لە مەیدان و شەقامی شارەکاندا، خەریکی گواستنەوەی کەلوپەل، خاوێنکردنەوەی شووشەی ئۆتۆمبێلەکان، فرۆشتنی جگەرە، دەستماڵکاغەزی و بنێشت و هیتر بن، بۆ ئەوەی پارووە نانێک پەیدا بکەن و خۆیان لە برسێتی ڕزگار بکەن، یان تەنانەت لە نێو زبڵ و خاشاکەکاندا، بەدوای خۆراکدا بگەڕێن. منداڵانی کار کە کۆچبەرانی ئەفغانستانیش لەخۆ دەگرن، لە زۆر کاری مەترسیداری وەک گەڕان بەناو زبڵدانەکاندا، لەلایەن مافیاکانی زبڵ و خاشاکەوە لە شارە گەورەکان بەکار دەهێنرێن. منداڵانی گیرۆدەبووی ماددە هۆشبەرەکان، هاوسەرگیری منداڵان، منداڵئازاری، حیجابی ئیجباری بۆ کچانی کەمتەمەن، لەسێدارەدان و زیندانیکردنی ئەو دایک و باوکانەی کە خاوەنی منداڵی بچووک بوون و بێسەرپەرشت کردنی منداڵەکانیان، سزای جەستەیی منداڵان لە قوتابخانەکان، ناچارکردنی منداڵان بۆ بەشداری لە مەراسیمە ئایینیەکان و منداڵانی بەسیجی و هتد، بەشێکی ترن لە قوربانیانی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی ئێران. کارکردن بژاردەیەکی ئاگایانەی منداڵانی کار نیە. ئەم منداڵانە، کە زۆربەیان بەهۆی هەژاریەوە، لە خوێندن و یاریکردن بێبەش دەبن، بە ناچاری دێنە ناو بازاڕی بێڕەحمی کار و بەهۆی پێویستی سەرمایە، لەگەڵ ئاوا چارەنووسێکی تاڵ بەرەوڕوو دەبنەوە. خاوەن سەرمایە و نوێنەرە سیاسیەکانیان، لە زۆرێک لە وڵاتەکان ئیمکاناتە دەوڵەتیەکانیان بۆ یارمەتیدان بە منداڵان کەم کردۆتەوە بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن بە حەقدەستێکی مەمە و مەژی و بە بێدەنگی بچنە ژێر باری چەوساندنەوەیەکی وەحشیانەوە. کۆماری ئیسلامی بە ڕواڵەت ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکانی قەدەغەکردنی کاری منداڵانی قبووڵ کردووە، بەڵام قبووڵکردنی ئەم یاسایانە بۆ ڕژیمی ئێران، تەنها لایەنی فۆرماڵ و نمایشی هەیە، ئەگینا بە کردەوە پشتگوێیان دەخات و هیچ گرنگی بەو ڕەخنانە نادات کە لەلایەن ناوەندە نێودەوڵەتیەکانەوە بەرەوڕووی دەکرێتەوە. لەمڕووەوە پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی مافی منداڵانی کار، ئەم قوربانیە خامۆشانەی نیزامی سەرمایەداری، ڕێگەیەکی دیکە بگیرێتەبەر. ئەم ڕێگایەش هیچی تر نیە جگە لە یەکگرتووی و خەبات لەدژی ئەو ڕژیمە و پەیوەندیە چەوسێنەر و ستەمکارانەی کە منداڵانی بێدیفاعی ئەم کۆمەڵگایە، ئاوا بێبەزەیانە بەکاردەهێنێ و لە مافە سەرەتایی و ئینسانیەکانی خۆیان بێبەشی کردوون.

Comments