KomalaMedia
KomalaMedia
June 13, 2025 at 07:51 AM
❗️کەوتنەژێر پرسیاری ڕێژیمێک کە درۆ دەکات: کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرامبەر کۆمیتەی ستاندارەکانی (ئای، ئێڵ، ئۆ) ڕۆژی دووشەممە ٩ی ژوئەنی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی کۆمیتەی جێبەجێکاری ستاندارەکانی ڕێکخراوی جیهانی کار (ئای، ئێڵ، ئۆ) کاتژمێر ١٨ بە کاتی ژەنێڤ دەستی پێکرد. لەم کۆبوونەوەیەدا، نوێنەرانی بەشی کرێکارانی ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە، لەوانە کۆنفیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییەکانی کرێکاران (ئای، تی، یو، سی)، کۆنفیدراسیۆنە تایبەتەکان و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لەوانە ئوسترالیا، فەڕانسە، نۆروێژ، ئیسپانیا، ئاڵمان و بلژیک، لە هەنگاوێکی هاوئاهەنگ و بەهێزدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە پشتبەستن بە بەڵگە مەیدانییەکان و بەڵگەنامە سەربەخۆکان، بە هەڵواردنی سیستەماتیک دژ بە ژنان، کەمینەکان و کرێکاران و هەروەها سەرکوتی بەردەوامی هەڵسووڕاوانی کرێکاری و بە پێشێلکردنی بەرچاوی کۆنوانسیۆنی ١١١ تاوانبارکرد. لەم کۆبوونەوەیەدا، بابەتەکانی وەک سەرکوتی بەربڵاوی هەڵسووڕاوانی پیشەیی مامۆستایان، سزای لەسێدارەدان بۆ ژنانی زیندانیی سیاسی و ئەزیەت و ئازاری کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان بەتایبەت کورد و بەلووچەکان، لە زومرەی تەوەرە سەرەکییەکانی قسە و باسی یەکێتی کرێکارییەکان لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بوون. ئەم لێپرسینەوەیە، لە ئاکامی گوشاری ڕێکخراو و بەردەوامی نوێنەرانی یەکێتییە کرێکارییە نێودەوڵەتییەکان کە هاوپەیمانی بەدەوەست و دەنگحاڵی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران لەم کۆنفرانسەدا بوون. ئەوان بە پشتبەستن بە بەڵگە مەیدانییەکان و شیکردنەوە و لێدانەوەی وورد، جارێکی تر سەلماندیان کە چیتر ناکرێت بە زمانلووسی و دیپلۆماسی و بەڵگەنامە ڕووکەشییەکان، ڕاستییەکانی سەرکوتی سیستەماتیک دژ بە کرێکاران، ژنان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئێران بشاردرێتەوە. ئەم لەقاودانە ئاشکرا و ڕاشکاوانەیە لە بڵندگۆی فەرمی کۆبوونەوەکەوە، جیهانیانی لەگەڵ ڕاستییەکی ئاشکرا و حاشاهەڵنەگر ڕووبەڕوو کردەوە: سەرکوت، زیندان، ئەشکەنجە و دەربەدەری نەیتوانیوە و ناتوانێت چینی کرێکاری ئێران بخاتە پەراوێزەوە. نوێنەرانی دەوڵەتەکان، جگە لە ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان لەوانە لوبنان، عومان، چین، مالیزیا، ڤێنیزویەلا، پاکستان، بەنگلادیش، کوبا و بیلاڕووس (بە نوێنەرایەتی لە ڕووسیا) کە بە ئەدەبیاتێکی پرۆپاگەندا بەرگرییان لە “پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکانی” ئێران کرد، لە بەرامبەر بەڵگە واقیعی و باوەڕپێکراوەکانی نوێنەرانی یەکێتییە کرێکارییەکاندا، نەیانتوانی بەرگرییەکی ئەوتۆ لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن. وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئورووپا ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە یاساکانی دادوەری ئێران نارووں بوون بە ئامرازی سەرکوتی هەڵسووڕاوان. ئەو چەند وڵاتەی کە بەرگرییان لە کۆماری ئیسلامی کرد، خۆیان مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە سەرکوتی سیستەماتیکی چینی کرێکار و لەم کۆبوونەوەیەدا، سیمای ناوچەیی یەکێتییەکی کۆنەپەرست و دژە کرێکاری و دژە ژنیان نوێنەرایەتی کرد. پێدەچێت ڕێژیم لەو بڕوایەدا بووبێت کە ئەم جارەش دەتوانێت بە کڕینی کات و پێشکەشکردنی ئیدیعاگەلێکی وەک ئەوەی کە “سەرۆک کۆمار پێشی لە بەکردەوە دەرهێنانی یاسای عیفاف و حیجاب”، کردووە یان ئەوەی کە “یاساکان لە بەرژەوەندی ژناندا ئاڵوگۆڕیان” بەسەردا هاتووە، خۆی لە ژێرباری گوشارەکان دەرباز بکات. بەڵام ڕاستییە مەیدانییەکان و بەڵگە سەربەخۆ بڵاوکراوەکان لە ناوخۆی ئێرانەوە، وێنەیەکی تەواو جیاواز دەخەنەڕوو. وتەبێژەکان لەوانە نوێنەری یەکێتی گشتی کرێکارانی فەڕانسە، وردەکارییەکی هەژێنەر باسکرد و ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، لانیکەم ٣٤٥ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەخۆی هێزە سەربازییەکان، تەقینەوەی مین، کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی و سەرما و سەختییەوە گیانیان لەدەست داوە، کە ٢٢ کەسیان منداڵ بوون. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ٤٧٩ سووختبەر کوژراون یان برینداربوون. ئەم ئامارە کارەساتبارانە نەک تەنها نموونەیەکی ئاشکران لە پێشێلکردنی مافەکانی کار، بەڵکوو نیشانەیەکی ڕوونی سەرکوتی پێکهاتەیی چینی کرێکاری ناوچە پەراوێزکەوتووەکانن. کۆڵبەرانی کورد و سووختبەرە بەلووچەکان، هیچ بیمەیەکی کۆمەڵایەتی، گرێبەستێکی یاسایی یان مافی خۆڕێکخستنیان نییە. بەهۆی سەرکوت و هەڵواردن و هەژاری ناوچەیی، ئەم گرووپانە بەناچار پەنایان بردووەتە بەر پیشەی مەترسیدار، ئەمە بەو مانایەیەکە سیستەمی دەسەڵاتدار بە ئامرازەکانی سەرکوت و هەڵواردن، هێزی کاری هەرزان و بێ ماف و خۆنەویست بەرهەم دەهێنێت. لە لایەکی ترەوە، ڕاپۆرتی یەکێتییە کرێکارییەکانی ئوسترالیا جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی بڕگەی ١١١٧ی یاسای مەدەنی کە ڕێگا بە پیاو دەدات ڕێگری لەکارکردنی ژنەکەی بکات، حیجابی زۆرەملێ، نەبوونی قەدەغەکردنی یاسایی دژ بە ئازاری جنسی و جیاکاری بەربڵاوی حەقدەست، پێکهاتەی کارکردنی بۆ ژنان کردۆتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵی ئیدئۆلۆژیک. نوێنەرانی یەکێتییەکانی نۆروێژ و ئیتالیا بە وەبیرهێنانەوەی حوکمی ئێعدام بۆ ژنە چالاکوانانی کورد پەخشان عەزیزی و وەریشە موڕادی و هەروەها چالاکی کرێکاریی مەحکووم بە ئێعدام شەریفە محەممەدی، ناهید خودایی و هتد، کۆماری ئیسلامییان بە بەکارهێنانی سیستەماتیکی ئەشکەنجە تاوانبارکرد. ئەوان هەروەها ئاماژەیان بە خۆڕاگریی درەوشاوەی ژنان لە دژی ئەم سیستەمە کرد. نوێنەرانی “ئای، تی، یو، سی”، کۆنفیدراسیۆنی گواستنەوە و یەکێتی کرێکارییەکانی وڵاتانی نۆروێژ، ئیسپانیا، ئاڵمان و بلژیک، لە لێدوانەکانی خۆیاندا نیشانیان دا کە ڕاپۆرتەکانی ڕێژیم، سەرەڕای ئیدیعای پێکهێنانی گۆڕانکاری یاسایی لە یەکساڵی ڕابردوودا، پڕە لە درۆ و چەواشەکاری و شاردنەوەی ڕاستییەکان. ئەوان هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە نەک هەر هیچ ڕیفۆرم و چاکسازییەکی ڕاستەقینە نەکراوە، بەڵکوو پرۆسەی سەرکوت و هەڵواردن چڕتر بووەتەوە. ئەو ڕاپۆرتە سەربەخۆیانەی ناوخۆی وڵات، کە لەلایەن ناوەندە کرێکارییەکان و بەرگریکارانی مافی کرێکاران و ژنانەوە ئامادەکرابوو، دەریخست کە بارودۆخی چینی کرێکار لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زۆر خراپتر بووە و لەلایەن نوێنەرانی کۆماری ئیسلامییەوە هیچ وەڵامێکی جێگەی بڕوا و متمانەپێکراو بە پرسیار و ڕاپۆرتەکانی پێوەندیدار بە پێشێلکردنی بنەڕەتی مافەکانی ژنان لە ساڵی ١٤٠١ نەدراوەتەوە. زیندانیانی سیاسی ژن، هەڵسووڕاوانی کرێکاری و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە خراپترین دۆخدا بەسەر دەبەن. ئەو ژنانەی کە ئامادە نەبن لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکانیان حیجابی زۆرەملێ ڕەچاو بکەن، لەم مافە ئینسانییە بێبەش دەکرێن. لە زیندانەکانی ئێراندا، کۆمەڵێک لەو زیندانیانەی کە بە تۆمەتی جۆراوجۆر مەحکوومکراون، بە ناوی “زیندانیانی پڕۆژەیی” لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژە دەوڵەتییەکانی دیکەدا بەکاردەهێنرێن. ئەم کرێکارە زیندانیانە هیچ موچەیەک وەرناگرن. لەبری ئەوە، بەڵێنی خواردنی زیاتر یان چەند خولەکی زیاتر پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، پاداشتێکی کەم و جۆرێک لە سووکایەتی پێکردنە کە لە بەرانبەر سەعات کاری زۆر و کاری تاقەت پڕوکێندا پێیان دەدرێت. ئەم شێوازە چەوساندنەوە هاوچەرخە، کە لە بێدەنگییەکی تەواودا و بەبێ چاودێری نێودەوڵەتی بەردەوامە، نەک هەر نموونەیەکی ئاشکرایە لە چەوساندنەوە و قازانجپەرستی، بەڵکوو بەیانگەری پێکهاتەیەکی ئەشکەنجەگەرانە و فاشیستیی زاڵە بەسەر ناوەندەکانی کار لە کۆماری ئیسلامیدا. لەم کۆنفرانسەدا هەروەها جەخت کرایەوە کە ژنانی ئێران، بەتایبەت ئەوانەی کە لە بزووتنەوەی کرێکاریدا ڕۆڵیان هەیە، بەهۆی ئەم چالاکییانەوە لەگەڵ هەڕەشە و تۆمەتی ئەمنی ساختەکارانە ڕووبەڕوو بوونەوە و تەنانەت حوکمی ئێعدامیشیان بۆ دەرچووە. ئەگەرچی لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ستاندارەکاندا تەرکیزی سەرەکی لەسەر پێشێلکردنی کۆنوانسیۆنی ١١١ و سەرکوتی هەڵسووڕاوانی کرێکاری بوو، بەڵام بۆ تێگەیشتنی فراوانتر لە ڕاستییەکانی چینی کرێکار لە ئێران، نابێت لە هەندێک لایەنی گرنگ و تاقیکراوەی سەرکوت و هەڵواردن غافڵ بین، ئەو ڕاستیانەی کە ڕەنگە بە ڕاشکاوی لەم کۆبوونەوەیەدا باسیان لێ نەکرابێت، بەڵام بێگومان بەشێکن لە هەمان پێکهاتەی سەرکوت کە نیشانەکانی لە وردەکاریی ژیانی ڕۆژانەی کرێکاران و بەتایبەت ژنانی کرێکاردا دەبینرێت، لەوانە پرسیارنامەکانی دامەزراندن لە زۆرێک لە ناوەندەکاندا، هێشتا سروشتێکی دژەژن و ئیدئۆلۆژیکیان هەیە. گەشتەکانی ئیرشاد و هێزەکانی پاراستن لە ناوەندەکانی کاردا، ژنان دەکەنە ئامانجی سووکایەتی پێکردن و هەڕەشە و ئازاردان. زۆرێک لە پیشەکان هێشتا بۆ ژنان قەدەغەیە و حیجابی زۆرەملێ لە هەموو ئیدارە حکومییەکان، ناوەندە ئابوورییەکان، وەزارەتخانەکان و تەنانەت شوێنە نیمچە تایبەتەکانیشدا جێبەجێ دەکرێت. ئەم زۆرەملێیە هەندێک جار کارەساتی مەرگباری لێکەوتۆتەوە: ژنانی کرێکار، بەهۆی ناچاربوون بە پۆشینی حیجاب لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، لە هەندێک حاڵەتدا کەوتوونەتە ناو ئامێر و دەزگا پیشەسازییەکان و گیانیان لەدەستداوە، بەبێ ئەوەی ناوەکانیان مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی فەرمی پێبدرێت. لە کارەساتی بەندەری ڕەجایی دا، بەهۆی تەقینەوەیەکی بەهێز و تائێستاش ناڕوون، سەدان کرێکاری ژن و پیاو گیانیان لەدەستدا. بە تێپەڕبوونی چەند مانگ، هێشتا هیچ ڕاپۆرتێکی ڕوون سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە. دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە ترساندنی بنەماڵەی گیانبەختکردووان، بێدەنگکردنی میدیاکان و زاڵکردنی سانسۆری بەربڵاو، ڕێگریان کرد لە بڵاوبوونەوەی هەر چەشنە زانیاری و هەواڵێکی سەربەخۆ سەبارەت بەم کارەساتە. ئەم بێدەنگییە سەپێنراوە، بەردەوام بەشێک بووە لە سیاسەتی سەرکوت و شاردنەوەی ڕاستییەکانی پێوەندیدار بە کارەساتە کرێکارییەکان لەلایەن حکوومەتەوە، کە گیانی مرۆڤە زەحمەتکێشەکان دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندی و ئەمنییەتی پێکهاتەی دەسەڵات. لە ئاوا بارودۆخێکدا، وەڵامە فەرمییەکانی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە کۆنفرانسی ١١٣ی ڕێکخراوی جیهانی کار، بەکردەوە وەک ڕاگەیاندنی دوژمنایەتییەکی ئاشکرا لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری ئێران لێکدرایەوە. نەک هەر لە سەرکوت پاشەکشەیان نەکردوو، بەڵکوو بە زمانی سووکایەتی و چەواشەکاری، هەوڵی پاککردنەوەی کارنامەی ڕەشی خۆیان دەدەن. ئەوەی کە لەم کۆبوونەوەیەدا بەرچاو کەوت، نەک تەنها لێپرسینەوەیەکی دیپلۆماتیک، بەڵکوو هێمای یەکگرتووییەکی جیهانی کرێکارییە دژ بە یەکێک لە سەرسەختترین حکوومەتە دژەکرێکارییەکانی سەردەمی هاوچەرخ. نوێنەرانی کرێکاریی وڵاتە جۆراوجۆرەکان، بە وەلانانی جیاوازییە ژیۆپۆلیتیکەکان، وەک دەنگحاڵی یەکگرتووی چینی کرێکاری ئێران قسەیان کرد. ئەمە نیشان دەدات کە تەنانەت لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانیشدا، دەتوانرێت توانایی و پۆتانسێلەکان لەپێناو بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم نەزمە سەرمایەدارانە و سەرکوتگەرە بەکار بهێنرێت، بە مەرجێک کە گوشارەکان لە خوارەوە، واتە لەلایەن خودی چینی کرێکارەوە، چالاک و ڕێکخراو بێت و ئەم ڕێکخراوبوونەش، بەبێ بوونی ڕێکخراوەی سەربەخۆ، خاوەن جێگە و پێگە و ڕاستەقینەی کرێکاریی، مومکین نییە، واتە ڕێکخراوگەلێکی هەڵقوڵاو لە هەناوی خەبات و تێکۆشانی خودی کرێکارانەوە، نەک دیکۆرە دەستەبژێرەکانی وەک خانەی کارگەر یان شۆڕا ئیسلامییەکانی کار کە دامەزراوە گەلێکی سەر بە دەوڵەت و سەرمایەن. کۆمیتەی ستانداردەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامە کۆتاییەکانی خۆی لە شێوەی "دادوەری و ڕاسپاردەی فەرمی"دا بڵاو دەکاتەوە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارەوە، بە سەرکوتی سیستەماتیک و توندوتیژی بزووتنەوەی کرێکاری و لەناوبردنی سەرجەم ڕێکخراوە سەربەخۆکان، هەوڵی داوە هەر چەشنە ڕێکخراوبوونێکی ڕاستەقینەی کرێکاری لەناو ببات، بەڵام بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران هەرگیز وازی لە خەبات و تێکۆشان نەهێناوە و هەرگیز نەکەوتۆتە داوی پڕۆژە ئەمنی و کۆنترۆڵکراوەکانی کۆماری ئیسلامییەوە. سەرەڕای کۆسپ و بەربەستی زۆر و نەبوونی ئیمکانی پێکهاتنی ڕێکخراوە سەربەخۆ بەهێزەکان، لە دڵی ئەم سەرکوتەدا، سۆسیالیزمی جێگیربوو لە هەناوی ئەم بزووتنەوەیەدا، توانیویەتی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە بکاتە تەنها هێزێکی ڕادیکاڵ و ئاڵتەرناتیڤێکی ڕاستەقینە لەم بارودۆخە قەیرانلێدراوەی ئەمڕۆی ئێراندا. بزووتنەوەی کرێکاری ئەمڕۆ، ئەو پۆتانسیەڵەی هەیە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش لە دەوری ئامانجی هاوبەشی گۆڕینی بنەڕەتیی پێکهاتەی سەرکوتگەر و ڕژێوی دەسەڵاتدار کۆبکاتەوە. ئەم دەستکەوتە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی بەردەوام و فیداکاریی بەرچاوی ئەو هەڵسووڕاوە کرێکاری و سیاسییانەیە کە دەنگی سەربەخۆ، ڕادیکاڵ و پێکەوتنخوازانەی خۆیان نەک تەنها لە ناوخۆی ئێراندا بەڵکوو لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانیشدا گەیاندوونەتە گوێی جیهانیان. بەردەوامی ئەم ئاراستەیە تەنها بە پەرەپێدانی ڕێکخراوبوونی ئامانجدار، بەردەوام و ڕێکخراوی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان مومکین دەبێت، ڕەوتێکی کە دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی کرێکاران لە بەرامبەر دەزگای سەرکوتی ڕژێمدا بگۆڕێت و دەنگی چینی کرێکاری ئێران وەک هێزی سەرەکی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، بە وپەڕی هێزەوە بگەیەنێتە گوێی جیهانیان.

Comments