
KomalaMedia
June 16, 2025 at 04:53 AM
🚩 ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە بارودۆخی شەڕلێدراوی ئێران
ڕەوتی ڕووداوەکان وا نیشان دەدەن کە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئێستایی نێوان ڕژیمی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکە لە شەڕێکی سنووردارەوە پەرە بستێنێت بۆ تێکهەڵچوونێکی بە تەواوی مانا و گشتگیر. ڕوودانی ئەم کارەساتە، وێڕای لەناوبردنی بەربڵاوی ژێرخانە گرنگەکانی وڵات کە بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک زۆر گرنگن، دەبێتە هۆی کوژرانی بەربڵاوی خەڵکی مەدەنی و قەیرانێکی مرۆیی لەئاستێکی بێوێنە لە مێژووی هاوچەرخدا دروست دەکات. دژایەتی ئێمە لەگەڵ ئەم شەڕە ئەوڵا تر لە دەربڕینی هەڵوێستێکی ئەخلاقی، هەوڵێکی ئاگایانەیە بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوونی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ و بوونی ئێران بە وڵاتێکی داکەوتوو لە باری ئابووری و تەکنەلۆژییەوە. دژایەتی ئێمە لەگەڵ شەڕی نێوان دوو دەوڵەتی ئاینی، تەنها هەڵوێستێکی پرەنسیپی و ئەخلاقی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە هەوڵێکی وشیارانە و هەنگاوێکی کرداری بۆ پێشگرتن لە کارەساتێک کە دەتوانێت مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان ئینسان دروست بکات و ئێران بکاتە یەکێک لە دواکەوتووترین وڵاتانی جیهان، لە ڕووی ئابووری و تەکنەلۆژییەوە. سەرەڕای ئەوەش دەزانین کە بەردەوامی و پەرەسەندنی ئەم شەڕە، بە پێچەوانەی ویستی ئێمە، لە وانەیە ببێتە ڕاستی یەک. لەم ڕووەوە وێڕای دەربڕینی ڕاشکاوانەی دژایەتی لەگەڵ شەڕێکی لەو چەشنە، پێویستە خۆمان بۆ کاریگەری سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئامادە بکەین.
بەو حاڵەشەوە سەرەڕای ویستی شەڕخوازانەی هەردوو ڕژیم، پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادان، دوور لە چاوەڕوانی نییە. لەم بارودۆخەدا، تاکە ڕێگای کاریگەر بۆ وەستاندنی شەڕ، بریتییە لە ئاخێزی ڕێکخراو و سەرتاسەری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران. ئێمە ناتوانین ڕێگە بدەین بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە هیچ بەهایەک بۆ ژیانی خەڵک دانانێنێت، بە پێداگریی لەسەر ئەو پرۆژە ناوکییە بێمانایەی خۆی، کۆمەڵگا بە بارمتە بگرێت. نابێت لە بەرامبەر شەڕێکدا کە هەردوو ڕژیمی جینایەتکار بە درێژەپێدانی، خەڵک دەکەنە ئامانجی پێشکەوتووترین چەکە کۆمەڵکوژەکان بێدەنگ بین، پێویستە لە چوارچێوەی خەبات لە پێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، داخوازی "وەستاندنی خێرا و دەستبەجێی شەڕ" ببێتە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی ئێران. یەکێک لە هێمە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ئاخێزی جەماوەری لە دژی شەڕ، بریتییە لە ڕێکخراوبوون و گشتگیربوون. بەشداری چالاکی ئەو دامەزراوە مەدەنی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانەی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا خەباتێکی بەردەوام و هەمە لایەنەیان لە دژی ڕژیمی ئیسلامی بەرەوپێش بردووە و خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندن لە بواری کاری وشیاری دەرانە، ڕێکخستن و ڕێبەری کردنی ناڕەزایی جەماوەرییەکان، ڕۆڵێکی گرنگیان لە بە سەرکەوتنگەیاندنی ئەم خەباتەدا دەبێت. جگە لەوەش هاوکاری و یەکگرتوویی نێوان حیزبە چەپ و هێزە پێشڕەوەکان، یەکێکە لە پێویستییەکانی شێوەگرتنی ئاخێزی جەماوەری لە دژی شەڕ.
ئەزموونی ئاخێزی "ژن، ژیان، ئازادی" جارێکی تر نیشانی دا کە کوردستان نەک هەر ڕۆڵێکی نموونەیی، بەڵکوو بەرپرسیارێتی پێشەنگایەتیشی هەیە لە بەرەوپێشبردنی خەباتی سەرتاسەریدا. سەرەڕای ئەوەش جەخت دەکەینەوە کە هیچ ناوچەیەک بە تەنها و بەبێ پەیوەندی بە خەباتی سەرتاسەرییەوە ناتوانێت سەرکەوتن مسۆگەر بکات. ئەمڕۆ بەردەوامی ئاخێزی "ژن، ژیان، ئازادی" دەبێت خۆی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لە دژی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەدا ببینێتەوە. ئەم بابەتە پێویستی بە ئامادەبوونی بەردەوامی خەڵک لە مەیداندا و هەروەها داهێنانی کرداری هێزە سیاسییەکان و ڕێکخستنی جەماوەری هەیە. لەم ڕێگە هەستیارەدا، کۆمەڵە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە چالاکەکانی کوردستان دەکات کە بە خێرایی و بەبێ بەفیڕۆدانی کات، بە مەبەستی گفتوگۆ، ئاڵوگۆڕی ڕاوبۆچوون و شرۆڤەی سیناریۆ ئەگەرییەکانی داهاتوو، لە دەوری یەک کۆببنەوە. پێویستە ئێمە ئەگەرە نەخوازراو و چاوەڕوان نەکراوەکانی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە بە وردی لە بەرچاو بگرین و خۆمان بۆ وەڵامێکی بە کۆمەڵ ئامادە بکەین. تەنها لە ڕێگەی هاوفکری و هاوکاری کردارییەوە دەتوانرێت، ئامادەیی بە کۆمەڵ پەرەپێ بدرێت. گفتوگۆ و هاوکارییەکی لەم چەشنە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە پەرەسەندنی ئامادەیی بە کۆمەڵ، یەکگرتوویی هێزە ئازادیخوازەکان و هاوهەنگاوبوون لە بەرامبەر داهاتوویەکی هەستیار و پڕ مەترسیدا.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤

❤️
1