
KomalaMedia
June 18, 2025 at 05:25 AM
❗️ڕێکخراوبوونی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە جەماوەرییەکان، یەکگرتوویی دامەزراوە سەربەخۆ کۆمەڵایەتییەکان، خواستی کۆتایی هێنانی خێرا بەم شەڕە
شەڕێکی کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ بە هێرشی ئەرتەشی جینایەتکاری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، بەتوندی بەردەوامە. ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و دژەخەڵکییە، تا ئێستا بووتە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان کەس و وێرانبوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ژیانی خەڵکی ئەو دوو وڵاتە. لە کاتێکدا هێزە ڕاست و ناسیۆنالیست و ئایینییە فاشیستییەکان لە زۆربەی وڵاتان خەریکی لەناوبردنی هەموو دەستکەوتە مرۆڤایەتییەکانن، لە کاتێکدا جیهان لە ژێر گوشاری قەیرانی قووڵی ئابووری و ژینگەیی و سیاسیی سەرچاوەگرتوو لە پێکهاتەی ڕزیوی سیستمی سەرمایەداری جیهانیدایە، مرۆڤایەتی شایەتی یەکێک لە کاولکارترین دیمەنەکانی ئەم قەیرانەیە. شەڕی کۆنەپەرستانە و جینایەتکارانەی نێوان دەوڵەتی شێوە فاشیستی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەڕێک نییە بۆ ئازادی، دێموکراسی، مافی مرۆڤ، یان هەوڵێک بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی ناوچەکە لە قەیرانی ئابووری و کارەساتە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوەکان. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، شەڕی ئەم دوو دەوڵەتە کۆنەپەرستە، بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی هێزە دژەخەڵکییەکانە. ئەم شەڕە، مەیدانی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی بەرژەوەندی هێزە هەژمونخوازە جیهانی و ناوچەکەییەکانە، کە تیایدا ئەوەی گرنگ نییە، بریتییە لە ژیان و بژێو و ژینگە و ئەمنییەت و داهاتووی مرۆڤەکان. هەردوو ئەم ڕژێمە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکانیان شەڕ و کاولکاری و سەرکوتیان پەرەپێداوە و نیشانیان داوە کە تا چەند توانایی کاولکاریان هەیە.
بە تێپەڕبوونی شەش شەو و ڕۆژ لە دەستپێکردنی بۆمباران و مووشەکبارانی هەردوو لایەنی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە خەڵکی بێدیفاعی هەردوو وڵات گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠٠٠ کەسیش بریندار بوون و بەشێکی زۆری دانیشتوانی تاران لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون. لە هەمان کاتدا ڕژێمی ئیسلامیش شارەکانی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانجی مووشەکەکانی خۆی و ژمارەیەک خەڵکی بێدیفاع گیانیان لەدەستداوە. دۆناڵد ترامپ و سەرۆکی ئیسرائیل داوایان لە خەڵک کردووە "بەزووترین کات تاران چۆڵ بکەن"، لە کاتێکدا فڕۆکەخانەکان داخراون، لە سنووری تورکیا خەڵکێکی زۆر چاوەڕوانی چوونە ناو ئەو وڵاتەن. جگە لەو کوشتار و پەرەسەندنی کەشی نائەمنی و ترس و نیگەرانی و ئاوارەییە، ڕاپۆرتە میدانییەکان باس لە کەمی و گرانی بێوێنەی کاڵا و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک دەکەن. لەم بارودۆخەدا هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆن کە زۆر ساویلکانە خەون بە گواستنەوەی دەسەڵات لەسەرووی خەڵکەوە دەبینن، کەوتنەخوارەوەی بۆمبەکانی ئیسرائیل بەسەر خەڵکدا شادمان کردوون.
لەم نێوەدا، ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی خۆی بۆ دەوڵەتی جینایەتکاری نەتانیاهۆ، بەردەوام هەڕەشە دەکات کە ئەگەر تەسلیمی ویستەکانی ئەو نەبن، ڕاستەوخۆ دێتە ناو شەڕەکەوە. جگە لە لێدوانە دژبەیەکەکانی ترامپ، ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم هاوکێشەیەدا، هەر هەمان ڕۆڵی هەمیشەییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بریتییە لە: پاراستنی هاوسەنگی نێوان هێزە کۆنەپەرستەکان بۆ ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی هێزە جەماوەرییەکان. ئەمریکا بە پاڵپشتیکردن لە ئیسرائیل و نیشاندانی گڵۆپی سەوزی سیاسی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ڕێک وەک چۆن لە بەرامبەر پرۆژە سەرکوتگەرییە ناوخۆییەکانی ڕژیمی ئیسلامیشدا، بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی، بێدەنگ بووە یان لە حاڵەتی دیاریکراودا چاوی نووقاندووە. لە ڕاستیدا، دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی ئیسلامی، سەرەڕای ناکۆکییە ڕووکەشییەکان، لە یەک شتدا هاوبەشن، کە بریتییە لە پاراستنی ئەو پێکهاتە ئابوورییانەی ئێستا، کۆنتڕۆڵی سیاسی لەسەرەوە و سەرکوتی هەر چەشنە ئاڵتەرناتیڤێکی جەماوەری. بێگومان بەردەوامی شەڕی ڕژیمی داگیرکەر و تاوانکاری ئیسرائیل لەگەڵ دەسەڵاتی دژەئینسانی ئیسلامی، بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان پەراوێز دەخات و بۆ خەڵکی ئێران زۆر گران تەواو دەبێت. ڕێگایەکی سێیەم کە ئێمە بەرگری لێدەکەین و گەلێک کەم هەزینەترە لە شەڕ و دەرەنجامەکانیشی خەڵک خۆیان دیاریدەکەن بریتییە لە: خەبات و ڕێکخستن لەپێناو ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامیدا.
لە بارودۆخی ئێستادا کە دەسەڵاتی ئیسلامی لاواز بووە و ئامرازەکانی شەڕی خۆی بۆ وێرانکارییەکی هەرچی زیاتر ئامادە دەکات، ڕوخاندنی ئەم ڕژیمە کۆنەپەرست و دژی خەڵکە، ڕێگر دەبێت لە دەرەنجامە وێرانکەرەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان ئیسرائیل و ڕژیمی ئیسلامی، واتە شەڕ، ماڵوێرانی، برسێتی، ئاوارەبوون و قاتوقڕ.
ئێمە وێڕای دژایەتی ڕاشکاوانە لەگەڵ ئەم شەڕە دژەخەڵکییە لە هەردوولاوە، بڕوامان وایە کە لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستادا، ڕێکخراوبوونی هەرچی زیاتری بزووتنەوە پێشڕەو و پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان، یەکگرتوویی زیاتری دامەزراوە سەربەخۆکانی خەڵک، پاراستنی بەهێزتری دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر، ناڕەزایەتی دژ بە داگیرکاریی دەرەکی و سەرکوتی ناوخۆیی و هەروەها هەوڵدان بۆ دروستکردنی ستافێکی سیاسیی بزووتنەوەی جەماوەری، ئەرکێکی بێپسانەوە و بەردەوامی سەرجەم هەڵسووڕاوانی پیشەیی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە.
